ناوهڕۆك
ناساندن
ڕێنمایی کەسانی نابینا (بە ئینگلیزی: Instructions for people with blindness، بە عەرەبی: تعليمات للٲشخاص مصابين بالعمی)، بریتییە لە ڕێنمایکردن و شیکردنەوەی کەسایەتی دەروونی و پەروەردەیی و خێزانی منداڵانی نابینا و یارمەتیدانیان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە نابینایان هەیانە، لە دەرئەنجامی ئەو بەریەککەوتن و مامەڵەکردنەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ نابینایاندا دروستی دەکەن بۆ ئەوەی نابینا لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و ڕێگەیەکیشە بۆ دەرخستن و پەرەپێدانی توانا و بەهرەکانی نابینایان.
ئایا نابینایان پێویستیان بە ڕێنمایی هەیە؟
هەموو مرۆڤێک بە درێژایی ژیانی پێویستی بە ڕێنمایی هەیە مرۆڤ هەرکە لە دایک دەبێت پێویستی بە دەورووبەرەکەی دەبێت بۆ دابینکردنی خواردن و خواردنەوە و پاککردنەوە و پێدانی سۆز و خۆشەویستی و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام هەتا دەگاتەوە ئەو تەمەنەی کە پشت بەخۆی دەبەستێت، هەروەها مرۆڤ لە ژیانیدا تووشی هەموو جۆرە کێشەیەک دەبێت و ڕادەی قورسی کێشەکان جیاوازیان هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە نابینا بێت، گرنگترین کێشەکانی نابینا خۆی لە کێشە کۆمەڵایەتی و پەروەردەی و دەروونی، سیاسی، سروشتی، تەندروستی، خێزانی، سیاسی و کێشە تەکنەلۆجییەکاندا دەبینێتەوە کە هەموو ئەم کێشانە پێویستیان بە ڕێنمایی کردنە جا چ بۆ کەسانی ئاسایی یاخود نابینا.
ئامانجەکانی ڕێنمایی دەروونی
- نابینایان وەکو هەر مرۆڤێکی تر مافی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان هەیە.
- هەرچەندە ئەوانەی نابینان، بەڵام هێز و توانایان لە کەسانی چاوساغ کەمتر نیە و توانایان زیاترە لە کەسانی ئاسایی.
- دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بۆ نابینایان چونکە پێویستیان بەم جۆرە خزمەتگوزارییانە هەیە.
- کاربکرێت بۆ گۆڕینی تێڕوانینی خراپی تاک و خێزان و کۆمەڵگا دەربارەی پرسی نابینایان.
- کاربکرێت بۆ ئەوەی کەسی نابینا نەبێت بە بارێکی قورس بۆ خێزان و کۆمەڵگا، هەوڵبدرێت بە کردنەوەی سەنتەری تایبەت تا سوود لە بەهرە و توانا زانستی و لێهاتووییەکانیان وەربگیرێت.
بوارەکانی ڕێنمایی نابینایان
ڕێنمایی دەروونی
١- چارەسەرکردنی ئاستی گونجاندنی کەسایەتی.
٢- یارمەتیدانی نابینایان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکان.
٣- ڕاستکردنەوەی تێڕوانینەکانی نابینایان بۆ تێگەیشتن و ناسینی خودی خۆی.
٤- بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا ڕێنمایی بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانی بەرەو باشتر بگۆڕێت.
٥- هاندانی نابینایان تا پشت بەخۆیان ببەستن و دوور بن لە چاوی بەزەیی و شکانەوە بۆ ئەوەی تووشی دڵەڕاوکێ نەبن و ڕووبەڕووی هەڕەشە و زۆرلێکردن و توندوتیژی نەبنەوە.
٦- دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی نا ئومێدی و نیگەرانی.
٧- هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر ڕق و کینە دووبەرەکی بەهۆی پەروەردەی هەڵەوە.
٨- یارمەتی نابینایان بدرێت تا هەست بە ئاسایش و ئارامی بکەن لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا.
ڕێنمایی کۆمەڵایەتی
١- هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئاڕاستە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکان و بیرۆکە هەڵەکان دژ بە نابینایان.
٢- بایەخ پێدانی حەز و ئارەزووەکانی نابینایان.
٣- هەوڵدان بۆ گۆڕینی بارودۆخ و ڕەوشە کۆمەڵایەتییەکان.
٤- ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی.
٥- دروستکردنی هەستی ڕەزامەندی لای تاکەکانی ئەو خێزانانەی کە کەسی نابینایان هەیە.
٦- یارمەتیدانی دایکان و باوکان بۆ نەمان و سڕینەوەی هەستکردن بە گوناهباری.
ڕێنمای پەروەردەیی
١- منداڵی نابینا مافی پەروەردەکردن و فێرکردنی هەیە هەروەکو کەسانی ئاسایی.
٢- نابینایان وەکو کەسانی تر خاوەن بەهرە و تواناکانی خۆیانن.
٣- یارمەتیدانی نابینایان لەو کێشانەی کە لە قوتابخانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
٤- دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ و پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەکاندا.
٥- بەشداریکردنی نابینایان لە کۆڕ و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا مافێکی سەرەتاییە و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ڕۆشنبیران.
٦- دابینکردنی هۆکارەکانی هاتووچۆ بۆ نابینایان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە.
٧- دابینکردنی قوتابخانەی تایبەت کە گونجاو بێت بۆیان لە ڕووی شوێنی یاری و توالێت.
ڕێنمایی تەندروستی
١- گرنگیدان بە چارەسەرە تەندروستییەکان بە باشترین شێوە.
٢- دابینکردنی پزیشکی پسپۆڕ و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە کاتی پێویستدا.
٣- جەخت بکرێتەوە لە سەلامەتی تەندروستی نابینایان و بەردەوام بە دواداچوون بۆ دۆخی تەندروستیان بکرێت.
٤- ڕاهێنان پێکردنی نابینایان لەسەر بەکارهێنانی گۆچان و ئاسوودەیی جەستەیی و دەروونیان.
ڕێنمایی کار
هەنگاوی سەرەکی لای رێنمایی کار یارمەتیدانی نابینایانە بۆ ئەوەی لە خودی خۆی تێبگات و توانا و ئاستی کرداری خۆی بزانێت و کاری پێبکات تا ببێت بە تاکێکی بە سوود لە کۆمەڵگاکەیدا، یارمەتی بدرێت بۆ دابینکردن و پێدان و فێرکردنی کارێکی گونجاو، هەتا لەگەڵ تواناکەیدا بگونجێت. ڕێنمایی کار هەڵدەستێت بە فێرکردن و ڕاهێنانی نابینا بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی شایستە و بە سوود بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەی، چونکە کۆمەڵگا هەموو کەسێک دەگرێتە خۆی بەبێ جیاوازی، پێویستە کەسانی نابینا متمانەی خۆیان لای تاکەکانی کۆمەڵگا بەدەست بهێنن و کۆمەڵگەش ببێتە هاندەر بۆ ڕێزگرتن لە تواناکانی نابینایان لە دابینکردنی هەلی کار کە لەگەڵ توانای ئەودا بگونجێت، هەتا ئەوانیش ببن بە تاکێکی بەرهەم هێن نەک بەکاربەر.